به‌ره‌و سیاسه‌تى به‌خۆماڵیكردن له سێكته‌ری وزه‌دا
وڵاتانى تازه ده‌ركه‌وتووى ناو نه‌خشه وزه‌ى جیهانى بۆ به‌كارهێنان و سود وه‌رگرتن له سامانی سروشتى پێویستیه‌كى زۆریان به لایه‌نى راوێژكار و زۆر جاریش كه‌سانى به ئه‌زمون و قاڵبووى سێكته‌رى نه‌وت و گاز هه‌یه تاوه‌كو بتوانرێ ئه‌م سێكته‌ره به‌جۆرێك ئیداره بكرێ كه دواجار له چوارچێوه‌ى خزمه‌تى گشتى و پێگه‌یاندنى كادر و توانا و كۆمپانیای ناوخۆیی لێبكه‌وێته‌وه و هاونیشتیمانیش دواجار سه‌نته‌رى سود و بایه‌خى ئه‌و كه‌رته بێ و خۆی به خاوه‌ن بزانێ. ئه‌زموونى وه‌به‌رهێنانى سامانى سروشت ( نه‌وت و گاز) له هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ساڵانى 2002 و كاركردنى گه‌نه‌ل ئینێرجی له ته‌قته‌ق و ساڵی 25/6/2004 كاتێ كۆمپانیایه‌كى بچوكى وه‌ك DNOـی نه‌رویجی گرێبه‌ستى هاوبه‌شی له‌گه‌ل هه‌رێمى كوردستان ئیمزا كرد و كاری دۆزینه‌وه و گه‌رانى ده‌ستپێكرد له تاوكێ. دواى ده‌رچوونى یاسای 28ـی 2017 ـى یاسای نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان، كاركردن له سێكته‌رى كوردستان فۆرمێكى دیكه‌ی یاسایی وه‌رگرت و بووه جێ سه‌رنجی كۆمپانیا نه‌وتیه جیهانیه‌كان، زیاتر له 46 كۆمپانیای سه‌ركار هاتوونه‌ته كوردستان و وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش كوردستان كه‌وته قۆناغی گه‌ران و پشكنین و به‌رهه‌مهێنان . سێكته‌رى نه‌وت و گاز له هه‌ر وڵاتێك پێویستیه‌كى زۆری به سه‌رمایه و ده‌ستى كار هه‌یه به تایبه‌ت له قۆناغه‌كانى (Upstream, Midstream,Downstream ). پیشه‌سازی نه‌وت و گاز پیشه‌سازیه‌كى ئاڵۆزه و گه‌لێك تایبه‌ت مه‌ندى جۆراوجۆری له‌خۆ گرتووه و پێویستیه‌كانى هه‌مه‌جۆرن. به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له كاتى گه‌ران و پشكنین و به‌رهه‌مهێناندا كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان پێویستیان به‌م خزمه‌تگوزاریانه هه‌یه : • دروستكردنى رێگا‌و بان و خانوو • خزمه‌تگوزارى پێشكه‌شكردنى خواردن و شوفێری • دابینكردنى ئاو و خوادرنه‌وه • خزمه‌تگوزارى پزیشكى • ئامێری كۆڵین • دابین كردنى كه‌ره‌سته‌ى بیناسازی • بۆڕی و سیسته‌مى چاره‌سه‌ری و ریسایكلینگ • سه‌كۆی كۆڵین و عه‌مباری نه‌وت ئه‌مانه به‌شێكى زۆری ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ن كه ده‌كرێ به پاڵپشتى و هاندانى حكومه‌تى هه‌رێم كۆمپانیا ناوخۆییه‌كانى كوردستان په‌ره‌یان پێبدرێت بۆ دابینكردنى خواستى كۆمپانیا كلاینته‌كان (سه‌ركاره‌كان) و رۆڵی زیاتر بدرێ به كۆمپانیا نێوخۆییه‌كانی كوردستان بۆ دابینكردن ئه‌نجامدانى پۆرژه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ى كه له قۆناغه‌كانى پرۆسه جیاجیاكان كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان پێویستیان به ده‌یان شاره‌زایی و تایبه‌ت مه‌ندی هه‌یه كه بۆ 3 به‌شی سه‌ره‌كى جیا ده‌كرێنه‌وه : • گه‌ران و پشكنین تایبه‌ت به پیشه‌سازى نه‌وت\ هونه‌ری : خزمه‌تگوزاری جیۆلۆجی، كۆڵین ، خزمه‌تگوزاری ئه‌ندازیاری و دیزاین …هتد گشتى : گواستنه‌وه، لۆجستیك، ئۆتۆمبێل و كرێن و ئالیاتی گه‌وره … هتد. په‌ره‌پێدان : تایبه‌ت به پیشه‌سازى نه‌وت\ هونه‌ری : خزمه‌ت گوزاری ئه‌ندازیاری و دیزاین، په‌رپێدانى ژێرخانى ئابوری و عه‌مباره‌كان…هتد. گشتى : یاسایی و دارایی، دامه‌زراندن و ته‌كنه‌لۆجیای په‌یوه‌ندی و زانیاری ، پلاندانانى ژینگه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تى، ….هتد. به‌گه‌رخستن تایبه‌ت به پیشه‌سازى نه‌وت\ هونه‌ری : باشتركردنى به‌رهه‌مێنان، چاكردنى سه‌كۆیه‌كان، پێداچونه‌وه و چاوخشاندن به ژێرخانه‌كان و چاكردنه‌وه‌یان ، كارگێری عه‌مباره‌كان، چاكردنى بۆریه‌كان ، وێستگه‌كانى په‌مپكردن … هتد. گشتى: باركردن، گواستنه‌وه ، لۆجستیك …هتد را‌گرتن یاخود له‌كارخستن تایبه‌ت به پیشه‌سازى نه‌وت\ هونه‌ری : ئه‌ندازیاری لێكهه‌لوه‌شانه‌وه ، له‌ناوبدرنی هه‌ندێك مواد، به‌ڕێوبردنى شوێنه‌كه . گشتى: یاسایی و رێكخستن، دارایی دامه‌زراندن ، ته‌كنه‌لۆجیای په‌یوه‌ندی و زانیاری ، خزمه‌تگوزاری ( به‌رێوه‌بردنى پاشماوه‌كان و چاكردنه‌وه ، ئاسایش … هتد) له هه‌رێمى كوردستان زیاتر له 44 هه‌زار كۆمپانیا تۆماركراوه و له‌م ژماره‌یه‌شیان 1050 هه‌زار و په‌نجا كۆمپانیا له سامانه سروشتیه‌كان له سیسته‌مى AVL تۆماركراوه و راسته‌وخۆ ته‌نده‌ره‌كانیان بۆ ده‌چێـت به‌ڵام زۆر كه‌من ئه‌و كۆمپانیا ناوخۆییانه‌ى كه بتوانن كێبركێی كۆمپانیا دابینكاره بیانیه‌كان بكه‌ن جگه له چه‌ند كۆمپانیایه‌كى كه‌م نه‌بێ. هۆكار زۆرن به‌ڵام پێویسته وه‌ك لایه‌نى سه‌ره‌كی حكومه‌تى هه‌رێم په‌ره به كۆمپانیای ناوخۆییه‌كان بدات و تایبه‌تمه‌ندی بدات به‌و كۆمیپانیانه‌ى له خزمه‌تى گوزاریه كێلگه‌ییه‌كاندا كار ده‌كه‌ن به‌داخه‌وه ساڵانه ده‌یان ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیا بیانیه‌كانى خزمه‌تگوزاری كێلگه‌یی ده‌چێته ده‌ره‌وه كه ده‌كرێ به هاندان و پالپشتى حكومه‌ت بۆ كۆمپانیای ناو خۆیی پێ بگه‌یێندرێـت و ئه‌و پاره‌یان نه‌چێته ده‌ره‌وه. تا ئێستاش له كوردستان كۆمپانیا به‌شداره‌كان له پرۆسه‌ى نه‌وت و گاز ته‌نها له چوارچێوه‌ى كۆمصپانیای Subcontractor بوونه رۆڵی دابینكاریان بینیوه ، كه‌مترین كۆمپانیای سێرفسی كێلگه نه‌وتیه‌كانمان هه‌یه تا ئێستاش ژماره‌یان له په‌نجه‌ى ده‌ست تێپه‌ر ناكات و ئه‌مه‌ش دواجار واده‌كات پاره‌یه‌كى زۆر بچێته ده‌ره‌وه و سود له‌و ده‌رفه‌تانه وه‌رنه‌گرین . ئه‌گه‌رچی وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌كان سیسته‌مێكى Approved Vendor Lists (AVL) هه‌یه بۆ تۆماری كۆمپانیاكان به‌رێگه‌ى ئه‌م سیسته‌مه‌وه كۆمپانیاكان ئاگادری ته‌نده‌ره‌كان ده‌كرێنه‌وه، وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م باشه به‌ڵام له راستیدا هیچ رۆڵێكی نه‌بینیوه له پێگه‌یاندنى كۆمپانیا ناو خۆییه‌كان و ئه‌م هه‌نگاوه‌ش به‌س نیه چونكه حكومه‌ت پێویسته به رێنمایی تایبه‌ت و راسپاردنى كۆمپانیا سه‌ركاره‌كان ده‌بێ رۆڵبگێڕێ له دروستكردنى چانس و ده‌رفه‌تى پێ گه‌یاندن و په‌ره‌پێدان و وه‌رگرتنى ته‌نده‌ره‌كان. زۆرێك له وڵاتان كۆمپانیاكانى بواری نه‌وت ناچار ده‌كه‌ن به كڕینی پێویستیه‌كانیان له ناوه‌وه‌ى وڵات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جیاوازى له نرخیش هه‌بێ، ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستى گلدانه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌یه كه به‌رێگاى كڕین ده‌چێته ده‌ره‌وه . كازاخستان نمونه‌یه‌كی دیاره و به یاسا سه‌پاندوویه‌تى به‌سه‌ر كۆمپانیاكان كه پێشینه بۆ كڕینی كه‌لوپه‌ل ئه‌شیای (كازاخستانی)یه ئه‌گه‌ر هاتوو جیاوازى نرخیشی هه‌بێ و %20 یش نرخه‌كه‌ى زیاتر بوو به به‌راورد له‌گه‌ل نرخی بڕاندی بیانى و ده‌ره‌وه. به هه‌مان شێوه وڵاتى ئه‌نگۆلا، لیستێكى دیاریكراوى له كه‌لوپه‌ل و پێویستیه‌كانى پیشه‌سازى نه‌وت گاز هه‌یه و هه‌ر كۆمپانیایه‌كى بیانى مه‌به‌ستى دابینكردنى هه‌بێ ده‌بێ له‌رێگه‌ى هاوبه‌شێ‌كه‌وه له‌گه‌ل كۆمپانیایه‌كى ئه‌نگۆلی پێشكه‌ش بكات به مه‌رجێ رێژه‌ى كۆمپانیا بیانیه‌كه له %10 زیاتر نه‌بێ . سیاسه‌تى به خۆماڵیكردن ده‌بێ لایه‌نێكى گرنگی حكومه‌تى هه‌رێم بێ له‌سه‌رجه‌م پێویستی و بواره‌كانى ناو پیشه‌سازى نه‌وت و گاز. نمونه‌ى عومان نمونه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتووی رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راسته كه سیاسه‌تى به خۆمالیكردنى له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى كه‌رتى نه‌وت و گاز راگه‌یاندن و یاسای بۆ دارشت و ده‌ره‌نجامێكی باشیان به‌ده‌ست كه‌وت، له سالی 2011 ئه‌و سیاسه‌ته‌یان راگه‌یاند و رێژه‌یه‌ك دیاری كرا كه ده‌ستى كار عومانى نابێ له 90% كه‌متر بێ له به‌رهه‌مهێنان و به‌گه‌رخستن وێستگه‌كان . هه‌روه‌ها ره‌واجى دا به كه‌لوپه‌لى عومانى و ئه‌وانه‌ى به‌پێی ستانداردن، كۆمپانیاكانى نه‌وت و گازى ناچار كرد بیكڕن. له ساڵێ 2013 حكومه‌تى عومان توانى زیاتر له 5700 هه‌لی كار و راهێنان بۆ هاوڵاتى عومانى ده‌سته‌به‌ر بكات له چوارچێوه‌ى ئه‌و سیاسه‌ته . سێكته‌رى نه‌وت گازى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م فراوان بونێكى گه‌وره‌دایه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له 2020 ئاستى به‌رهه‌مهێنان 700 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا تێپه‌رێنێ و چاڵاكی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كانیش به‌ره‌و زیادبوون ده‌چن و پێویسته حكومه‌تى هه‌رێم به مه‌به‌ستى شه‌فافكردنى زیاتر، چاودێری پرۆسه‌كانى ته‌نده‌رینگ و خزمه‌تگوزاریه‌كان بكات و هه‌روه‌ها به‌زوترین كات رێنمایی و كارئاسانی له چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه رابگه‌یێنێ بۆ پێگه‌یاندنى كۆمپانیای ناوخۆیی له خزمه‌تگوزاریه كێڵگه‌ییه‌كان كه دواجار سه‌دان ملیۆن دۆلار ده‌گه‌رێته‌وه ناو كوردستان و هه‌زاران هه‌لیكاریش بۆ گه‌نجان ده‌ره‌خسێندرێت. سعود هاشم به‌رێوه‌به‌ری په‌یمانگه‌ى كوردستان بۆ وزه